راپرسییەکی ناوخۆیی گۆڕان هەرای نایەوە


راپرسییەکی ناوخۆیی گۆڕان کە تیایدا لەنێو ١٠٠٠ گەنجی هەواداری بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامدراوە هەرای نایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە ‘دۆز نیوز’ی راگەیاند ئەو راپرسییە ماوەی هەفتەیەکە ئەنجامدراوە و تیایدا ئەنجامەکان بۆ گۆڕان زۆر مەترسیدارن و ئێستا رێکخەری گشتی گۆڕان و ژووری هەڵبژاردن غورفەی عەمەلیاتی بەپەلەیان دروستکردووە.

لەناو ١٠٠٠ گەنج کە تەمەنییان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵە و هەواداری بزووتنەوەی گۆڕانن وە یاخود پێشتر دەنگیان بە کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕان داوە، ٦٥٤ گەنج لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگیان بە لیستێکی دیکە دەدەن.  واتە زیاد لە ٦٢ لەسەدی دەنگدەرانی گەنجی گۆڕان بڕیاریانداوە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە لیستێکی دیکە بدەن.

لەو ٦٥٤ گەنجە ، ٣١١ گەنجییان واتە نزیکەی نیوە گووتویانە دەنگ بە لیستی نەوەی نوێ دەدەن کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە رابەرایەتی دەکرێت. ١٧٩ گەنجیشیان گوتوویانە دەنگ بە لیستەکەی بەرهەم ساڵح دەدەن . ٣٨ گەنج دەنگ بە یەکگرتوو دەدەن و ٢٥ گەنجیش بە کۆمەڵ. ١٢ گەنجیش بە یەکێتی،  ئەو ٨٩ گەنجەی دیکەش هێشتا بڕیاریان نەداوە.

دەربارەی هۆکاری گۆڕینی دەنگیشیان لە گۆڕانەوە بۆ حیزبێکی دیکە، ٦٥ لە سەدی گەنجەکان نەبوونی سەرکردەی بەهێز و بەرنامەی روونیان وەک هۆکار خستۆتە روو.

لە ئێستادا گۆڕان بڕیاری داوە بەرنامەیەکی بەپەلە دابرێژێت و ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانیش بریاریداوە وەک “نەیار و مەترسی پلە یەک” مامەڵە لەگەڵ شاسوار و بزووتنەوەکەی بکات.

زمناکۆ جەلال، رێکخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان بە ئەندامانی ژورەکەی گوتووە “ئێمە ماوەیەکی زۆر تەرکیزمان لەسەر پارتی بوە بەڵام دەنگی ئێمە لای پارتی نییە. شاسوار خەریکە دەنگەکان هەمووی دەبات و ئەگەر ئەمانەوێ هەڵبژاردنی داهاتوو تووشی شکستی گەورە نەبین ئەبێ هەرچی زووە بە ئاشكرا و بێ سڵەمینەوە دژایەتی شاسوار بکەین”

لە ئێستادا هەڵمەتێکی گەورە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە شاسوار عەبدولواحید دەستی پێکردوە و بە پیاوی پارتی تۆمەتباری دەکەن، چاودێرانیش پێیان وایە ئەم تۆمەتبارکردنە بەشیکە لەو حاڵەتە خراپەی گۆڕان تووشی بووە بەهۆی لەدەستدانی دەنگی گەنجانەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة من هذه المدونة